دوای ئەوەی فرۆشی پلەیستەیشن پێنج نەیتوانی لە ئاستی چاوەڕوانییەکاندا بێت، کۆمپانیای سۆنی رایگەیاند کە کۆنسوڵەکە دەچێتە ناو “قۆناغی کۆتایی سووڕی ژیانی خۆیەوە” و دانیان بە شکستی داهاتی ئەم جیلەی پلەیستەیشندا نا.
بەپێی راپۆرتێکی ماڵپەڕی “بلومبێرگ” ، سۆنی ئامانجێکی گەورەی هەبوو بۆ فرۆشتنی ٢٥ ملیۆن ئامێری PS5 لە ماوەی پێنج ساڵدا کە لە ٣١ی ئازاری ٢٠٢٥ کۆتایی دێت، بەڵام ئێستا پێشبینییەکانی بۆ ٢١ ملیۆن فرۆش کەمکردووەتەوە دوای ئەوەی فرۆشی PS5 کەمتر بوو لەوەی چاوەڕوان دەکرا.
کۆمپانیاکە لە ماوەی چارەکی سێیەمی ساڵی فرۆشتنیدا تەنها ٨.٢ ملیۆن ئامێری PS5ی فرۆشتووە، ئەمەش بەس نەبوو بۆ بەدەستهێنانی ئەو ئامانجەی سۆنی داینابوو.
جێگری سەرۆکی باڵای سۆنی نائۆمی ماتسوکا رایگەیاندووە، کۆمپانیاکە پێشبینی دەکات خێرایی فرۆشتنی PS5 دەست بە دابەزینی زیاتر بکات، وتیشی “وەک دیارە، PS5 دەچێتە قۆناغی کۆتایی سوڕی ژیانی خۆیەوە، بەم شێوەیە زیاتر سەرنج دەخەینە سەر هاوسەنگی نێوان قازانج و فرۆشتن، هەر لەبەر ئەم هۆکارەش پێشبینی دەکەین خێرایی فرۆشی ساڵانەی ئامێرەکانی PS5 دەست بە دابەزین بکات و بەداخەوە ئەو ئامانجە نەپێکێت ئێمە داماننابوو”.