عێراق[١] بە فەرمی کۆماری عێراق[٢] (بە عەرەبی: جمهورية العراق) وڵاتێکی ڕۆژھەڵاتی نێوەڕاستە، و بەپێی دەستووری عێراق بە کۆمارێکی پەرلەمانی فیدراڵی دادەنرێت،[٣] لە نۆزدە پارێزگاری دی فاکتۆ (پارێزگای نۆزدەھەم ھەڵەبجەیە)، پایتەختەکەی بریتییە لە بەغداد. دەکەوێتە ڕۆژاوای ئاسیا[٤] و یەکێکە لەو وڵاتانەی دەکەوێتە کەنداوی فارسی. لە باشوورەوە ھاوسنوورە لەگەڵ کووەیت و عەرەبستانی سعوودی،[٥] لە باکوور لەگەڵ تورکیا،[٦] لە ڕۆژاوا لەگەڵ سووریا و ئەردەن[٧] و لە ڕۆژھەڵاتەوە لەگەڵ ئێران، ئەندامی دامەزرێنەری کۆمکاری عەرەبی[٨] ڕێکخراوی کۆنفرانسی ئیسلامی[٩] و ئۆپێکە. زۆربەی زەوییەکانی وڵاتەکە لە ئێستادا دەکەوێتە ناوچەی میزۆپۆتامیا و ناوچەکە یەکەم ناوەندی شارستانییەتی لە جیھاندا لەخۆگرتبوو کە دەکەوێتە نێوان ڕووباری دیجلە و فورات کە شارستانێتی سۆمەرییە. ھەروەھا شوێنەواری سۆمەرییەکان لە ئێستادا دۆزرایەوە ویلایەتی کووێت[١٠] بەحرەین[١١][١٢] و ئەھواز لە ئێران. مێزۆپۆتامیا پەیوەندی لەگەڵ شارستانییەتە کۆنەکانی میسر و ھیندستان ھەبووە.[١٣] زۆر وڵات و شارستانیەتی فەرمانڕەوایەتیی عێراقیان دەکرد، گرنگترینیان بریتین لە سۆمەری، ئیمپراتۆرییەتیی بابلی نوێ، ئاشووری، ماد، ئیمپراتۆریەتیی سلووکی، ئیمپراتۆریەتیی ئەشکانی، ئیمپراتۆرییەتی ڕۆمانی، ساسانییەکان، مەناتیرە، خەلافەتی ڕەشیدون، ئەمەوی، عەباسی، ئیمپراتۆرییەتیی مۆنگۆل، سەفەوی، ئەفشارد، عوسمانی پاشان لەژێرفەرمانی شانشینی یەکگرتوو، پاشان شانشینی عێراق، یەکەم ڕژێمی کۆماری، پاشان کۆماری ژێر دەسەڵاتی بەعس، پاشان دەسەڵاتی ئۆرھا (ئاوەدانکردنەوەی عێراق[١٤])، و دەسەڵاتی کاتی ھاوپەیمانی، پاشان میری کاتی عێراق، پاشان میری ڕاگوزەر، لە کۆتایدا کۆماری پەرلەمانی فیدراڵی لە عێراق.
ژمارەی دانیشتووانی کۆماری عێراق لە ساڵی ٢٠٢٠بە نزیکەی ٤٠٬١٥٠٬٠٠٠ کەس خەمڵێندراوە، کە بە (٥٠٫٥٠٪) بۆ پیاوان و (٤٩٫٥٪) بۆ ژنان دابەشکراوە.[١٥] ڕێژەی عەرەب لە ٧٥–٨٠٪، کوردیش ١٥–٢٠٪ پێکدەھێنن لەکاتێکدا ئەوانەی کە ماونەتەوە (٥٪) ئاشووری/سریا/کادان، تورکمان و کەمینەکانی دیکەن، ئایینی زۆرینەی دانیشتووانی عێراق ئیسلامە و ڕێژەکەیان دەگاتە ٩٥٪ی دانیشتووان.[١٦][١٧] کەمینە ئایینییەکان دەگەنە ٥٪ی دانیشتووان، کە زۆرینەیان خاچ پەرست کلدانن، ئایینەکانی دیکەش ھەن وەک ئایینەکانی مەندایی، ئێزدی، جوولەکە، یارسانی، و بەھایی. سەبارەت بە نەتەوەکانی عێراقیش بریتین لە عەرەب، کورد، تورکمان، ئاشووری/سوریای/کلدانی، کوردی فەیلی، ئێزدی، شەبەک، یارسانی، جوولەکە، چەرکەسی عێراقی، ئەرمەنی عێراقی، کاولییە (ڕۆمای عێراقی)، بەھایی.
عێراق وڵاتێکە پێکھاتەی زەوییەکەی جۆراوجۆرە؛ لە شاخ و دۆڵ و دارستانەکانی باکووری عێراق و بەتایبەتی لە ناوچەی کوردستان، تا گردەکانی زنجیرەی گردەکانی حەمرین و لە دەشتە دەشتە بەپیتەکانی نیشتووی نێوان ڕووبارەکانی دیجلە و فوراتەوە تا بیابانە وشکەکانی وەک: بیابانی سووریا و عەرەبی. چەندین دەریاچەی دەستکرد لە عێراقدا ھەن، وەک دەریاچەی تارتار، ئەلڕەزازا و ئەوانی تر، ھەروەھا دەریاچەی سروشتی ھەیە، وەک دەریاچەی سەوا لە بیابانی سەماوە لە پارێزگای موسەنا.
پێغەمبەر ئیبراھیم لە عێراق لەدایکبووە، و خاکی چەندین پێغەمبەرە وەک یوونس، حەزەقیل، دانیال، عوزەیر، ناحوم، حەنینا ئادەم، نووح، ھوود، ساڵح، زول کیفل، سلێمان، و ئەیووب (ھەموو ئەمانە بەپێی بوونی مەزارگای ڕاستەقینە و سەرچاوە ئیسلامی و خاچ پەرست و جووەکان)، و خاکی زۆرێک لە ئیمامەکانی موسڵمانانی سوننە و شیعەن، وەک عەلی کوڕی ئەبووتاڵیب، حوسێن کوڕی عەلی و براکەی، محەممەد کوڕی حەسەن ئەلمەھدی، عەبدولقادری گەیلانی، ئەبووحەنیفە، و خاکی مەزارگای زۆرێک لە منداڵانی ئیمامەکانی شیعە و ھاوەڵانە وەکو سەلمانی فارسی و شوێنکەوتووانی.
لەڕووی جوگرافیاوە کەنداوی فارسی تاکە بەندەری دەریایییە بۆ عێراق بۆ جیھان، بەو پێیەی درێژی کەنار دەریاکانی عێراق نزیکەی ٥٨ کیلۆمەتر دەبێت، ھەروەھا بەندەری ئوم قەسر لە بەسرە یەکێکە لە گرنگترین بەندەرەکانی عێراق کە ڕووی لە کەنداو کردووە.[١٨] ڕووبارەکانی دیجلە و فورات لە باکووری عێراقەوە بەرەو باشووری تێدەپەڕن، کە بنەمای سەرھەڵدانی یەکەم ناوەندی شارستانی بوون لە جیھاندا کە بە مێزۆپۆتامیا ناودەبرێت، لەسەر دەستی ئەکەدییەکان و سۆمەرییەکان و ئاشوورییەکان و بابلییەکان. لەنێو ئەو بەرھەمانەی کە شارستانییەتی مێزۆپۆتامیا بەرھەمی ھێنابوو داھێنانی پیت بوو لەلایەن سۆمەرییەکانەوە بوو.[١٩] و دەرکردنی یەکەمین یاسای نووسراو لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، لەوانە ئەوەی لە سەرچاوە مێژوویییەکاندا بە کۆدی حامۆرابی ناسراوە، لە سەرچاوە مێژوویەکان ئاماژە بەوەدراوە کە پێدەچێت عێراق خاوەنی یەکەم مۆزەخانەبووبێت لە جیھان بە ناوی ئەنگاڵدی-نانە[٢٠][٢١][٢٢][٢٣] زۆربەی سنوورە مۆدێرنەکانی عێراق لە ساڵی ١٩٢٠ لەلایەن کۆمەڵەی گەلانەوە داڕێژراون، کاتێک زەوییەکانی ئیمپراتۆرییەتیی عوسمانی بە پەیمانی سیڤەر دابەشکرا. عێراق خرایە ژێر دەسەڵاتی شانشینی یەکگرتوو لە ناوچەیەک کە پێی دەگوترا ژێرفەرمانیی شانشینی یەکگرتوو لە عێراق. لە ساڵی ١٩٢١ دەسەڵاتی پاشایەتی دامەزرا و شانشینی عێراق لە ساڵی ١٩٣٢ سەربەخۆیی لە شانشینی یەکگرتوو بەدەستھێنا. لە ساڵی ١٩٥٨، دەسەڵاتی پاشایەتی ڕووخێنرا و کۆماری عێراق دامەزرا. پارتی بەعسی عێراق لە ساڵی ١٩٦٨ تا ٢٠٠٣ فەرمانڕەوایەتیی عێراقی کرد. دوای ئەوەی ئەمریکا و ھاوپەیمانەکانی لە ساڵی ٢٠٠٣دا عێراقیان داگیرکرد، بەعس لە دەسەڵات دوورخرایەوە، پاشان میرییەکی نوێی عێراق پێکھێنرا کە لە ساڵی ٢٠٠٥ ھەڵبژاردنی فرەیی پەرلەمانی ئەنجامدا. بوونی ئەمریکا لە عێراق لە ساڵی ٢٠١١ کۆتایی ھات،[٢٤] بەڵام یاخیبوونی عێراق بەردەوام بوو و چڕتر بووەوە دوای ھاتنە ناوەوەی کۆمەڵێک تیرۆریست لە سووریا و لەکاتی شەڕی ناوخۆی سووریادا؛ و ٤٥٠ سەربازی ئەمریکی لە ١٠ی حوزەیرانی ٢٠١٥ ڕەوانەی عێراق کران.[٢٥]دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە عێراق کێشە و ناکۆکی لەسەر چۆنییەتی پێکھێنانی میری نوێی عێراق دروست بوو؛ بۆیە سیستەمی پشکپشکێنە (لەسەر بنەمای ڕێباز و پارت)پەیڕەوکرا. لە ساڵی ٢٠١٤ ژمارەیەک پارێزگا و ناوچەی عێراق کەوتنە دەست ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش، بۆیە شەڕی ڕزگارکردنی ناوچەکان لە چنگی داعش سەریھەڵدا و لە ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠١٧ ھەموو ئەو ناوچانەی کە لەلایەن ڕێکخراوەکەوە کۆنترۆڵکرابوون ئازادکران.
لە ١ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ چەندین خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی گەورە ئەنجامدرا. عادل عەبدولمەھدی، سەرۆکی میری چوارەمی پەرلەمانی عێراق لە ٣٠ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩ نامەی دەستلەکارکێشانەوەی لە پۆستەکەی پێشکەش کرد، دواتر وڵات لە ٢٢ی کانوونی یەکەمی ھەمان ساڵدا چووە دۆخێکی بۆشایی دەستوورییەوە[٢٦] و بۆشایی دەستووری لە ٧ی ئایاری ٢٠٢٠ بە پێکھێنانی میری کاتی مستەفا کازمی بۆ بەڕێوەبردنی عێراق بۆ ماوەیەکی کاتی کۆتایی ھات. لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١، ھەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجامدرا، بەڵام پێکھێنانی میری دواکەوت، بەو پێیەی ئەندامانی پەرلەمانی عێراق تا ٢٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ میری نوێیان پێکنەھێنا، واتە زیاتر لە ساڵێکی تەواو دوای ھەڵبژاردنەکان.